بۆ ناوەڕۆک بازبدە

داڕێژە:وتاری ھەڵبژێردراوی ئەم ھەفتەیە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کڵاود (بە ئینگلیزی: Cloud) کایەیەکی ڤیدیۆییی مەتەڵئامێزە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری بەرنامەی میدیای کارلێکەری زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا (USC) پەرەی پێدراوە. تیمەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ دەستیان بە گەشەپێدانی یارییەکە کرد بۆ سیستمی ویندۆز، ئەویش بە بەخشینێکی ٢٠٬٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە تاقیگەی داھێنانی یاری زانکۆی یوو ئێس سی. یارییەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵدا وەک داگرتنێکی بێبەرامبەر بڵاوکرایەوە. تا مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٦، ماڵپەڕی میوانداری یارییەکە ٦ ملیۆن سەردانی وەرگرتبوو، ھەروەھا یارییەکە ٦٠٠٬٠٠٠ جار داگیرابوو.

یارییەکە لە دەوری کوڕێک دەسووڕێتەوە کە لە کاتی نووستن لە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەدا خەونی فڕین دەبینێت. بیرۆکەکە بەشێکی لە منداڵی جێنۆڤا چێن، دیزاینەری سەرەکی یارییەکە، وەرگیراوە؛ ئەو زۆر جار بەھۆی نەخۆشی ھەناسەتەنگییەوە لە نەخۆشخانە دەمایەوە و کاتێک بە تەنیا لە ژوورەکەیدا دەبوو، خەیاڵی دەڕۆیشت. یاریکەر ڕۆڵی کوڕەکە دەبینێت و لە جیھانی خەوندا دەفڕێت و ھەورەکان بەکاردەھێنێت بۆ چارەسەرکردنی مەتەڵەکان. ئامانجی یارییەکە ئەوە بوو ھەستگەلێک لە یاریکەر بوروژێنێت کە پیشەسازیی کایەی ڤیدیۆیی بە گشتی پشتگوێی دەخات.

کڵاود خەڵاتی باشترین فەلسەفەی خوێندکاریی لە کێبڕکێی یارییە شۆڕشگێڕەکانی سڵامدانس لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدەستھێنا، ھەروەھا خەڵاتی پیشاندانی خوێندکاریی لە فێستیڤاڵی یارییە سەربەخۆکانی ساڵی ٢٠٠٦ بردەوە. یارییەکە پێشوازییەکی باشی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە لێکرا، کە ئاماژەیان بە لایەنە بەرزەکانی وەک دیمەنەکان، مۆسیقا و کەشوھەوا ئارامەکەی کردبوو. چێن و بەرھەمھێنەر کێلی سانتیاگۆ دواتر پێکەوە ستۆدیۆی Thatgamecompany-یان دامەزراند، کە بیریان لە دووبارە دروستکردنەوەی یاری کڵاود کردووەتەوە وەک یارییەکی ڤیدیۆیی بازرگانی.
خوێندنەوەی زیاتر...