ئەردەوان کامکار
ئەردەوان کامکار | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٦٨ (تەمەن ٥٧ ساڵ) سنە |
پیشە | مۆسیقاژەن |
ئەردەوان کامکار، بچووک ترین ئەندامی بنەماڵەی کامکاران و ژەنیاری بەناوبانگی سەنتوورە.[١]
ژیاننامە
[دەستکاری]سالی ١٩٦٨ لە سنە لە دایک بووە. ٤ ساڵان بووە کە دەستی کردووە بە فێربوونی سەنتوور لە خزمەت باوکی خۆی، حەسەن کامکار و ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ بەشە جۆربەجۆرەکانی ڕادیۆ سنە ھاوکاریی بووە. سالی ١٩٧٩ و لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەچێتە تاران لای برای خۆی پەشەنگ کامکار بۆ فێربوونی تەکنیکەکانی ژەندنی سەنتوور. وردە وردە بە تەواوی لەگەل شێوازی کۆنی ژەندنی سەنتوور و ھونەرمەندە پێشووە گەورەکان دا ئاشنا دەبێت بەڵام ئەو شێوازە کۆنە نەیدەتوانی وەلامدەری ڕۆح و بیری داھێنەری ئەو بێت. ئەو بە دوای دۆزینەوەی تەکنیکە نوێکانی سەنتوور ژەنی دا بوو و سەرەنجام توانی شێوازێکی نوێ و تایبەت بۆ ئەم سازە کلاسیکە بدۆزێتەوە.[٢]
دەورووبەری ٢٠ سال تەمەنی دەبێت کە لە کۆنسێرتێکی کامکاران لە تاران قەتعەیەکی زۆر بێوێنە پێشکەش دەکات بە ناوی دەریا کە ئێستاکە وەکوو ڕاپەرینێک لە دنیای سەنتوور دا چاوی لێ دەکرێت. دەریا، یەکەم قەتعە بوو کە بە تەواوی ڕەنگ و بۆی تازەی ھەبوو و لە تەکنیکەکانی تایبەتی سازی سەنتوور تێیدا بە کار چووبوو و نەدەتوانرا بە ھیچ شێوە بە سازگەلێک وەکوو پیانۆ لێبدرێت.
ستایلی سەنتوور لێدانی ئەردەوان و تەکنیکەکانی میزانسازی ئەو بە تەواوی تەنیا تایبەت بە خۆیە. شێوازی سوننەتیی لێدانی سەنتوور وای دادەنا کە دەستی ڕاست لە ڕووی کۆنترۆل و قورسایییەوە بەھێز ترە لە دەستی چەپ. کەوابوو زۆربەی سەرەتای قەتعەکان و ھەروەھا سترەسی نێوانیان بە دەستی ڕاست لێدەدرا و ئەوە وای دەکرد کە گوێگرێکی کەمێک شارەزا بە ئاسانی بتوانێت بیانناسێتەوە. ئەردەوان جگە لەوە کە چالاکی و توانای دەستی چەپی وەکوو دەستی ڕاست بەرز کردەوە، گۆرەپانی تەکنیکەکانی سەنتووریشی گەلێک پەرە پێ دا. سەرەتای قەتعەکانی ئەو دەتوانرێت بە ھەر کام لە دوو دەست لێبدرێت و دەوری (ڕۆڵ) دەستی ڕاست و چەپ لە ناو قەتعەکان دا توانای گۆرانیان ھەیە و ئەمە دەبێتە ھۆی ڕەوانبوونی بێ وێنەی ئیجراکەی.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «زندگینامه: اردوان کامکار (۱۳۴۷-)». همشهری آنلاین (بە فارسی). ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩. لە ٣ی ئایاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٤ی ئایاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٤ی ئایاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٤ی ئایاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]- ماڵپەڕی کامکاران ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئەردەوان کامکار تێدایە. |