بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سەلاحەدین دەمیرتاش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەلاحەدین دەمیرتاش
سەرۆکی پارتی سیاسی
ئەندامی پەرلەمان
سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان
لە پۆستدایە
گرتنە دەست
٢٢ی جوونی ٢٠١٢
سەرۆک کۆمار ئەرتوغرول کورکچو
سەباحەت تونجەل
خانمەسەرۆک فیگەن یوکسەکداغ
پێشینە ئەرتوغرول کورکچو
Leader of the پارتی دیموکراتی گەلان
لە پۆستدا بووە
١ی فێبرواری ٢٠١٠ – ٢٢ی ئاپریلی ٢٠١٤
پێشینە موستەفا ئایزیت
دەمیر چەلیک
پاشینە پارتەکە هەڵوەشاوە
See پارتی دیموکراتی گەلان
ئەندامی پەرلەمانی تورکیا
لە پۆستدایە
گرتنە دەست
٢٢ی جوولای ٢٠٠٧
ناوچەی بەربژێری دیاربەکر (2007)
هەکاری (٢٠١١)
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون (١٩٧٣-٠٤-١٠) ١٠ی نیسانی ١٩٧٣ (تەمەن ٥١ ساڵ)
پالۆ، خارپێت، باکووری کوردستان، تورکیا
پارتی سیاسی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی
(پێش ٢٠٠٨)
پارتی ناوچە دێموکراتیکەکان
(٢٠٠٨-٢٠١٤)
پارتی دیموکراتی گەلان
(2014–present)
خوێندن لە زانکۆی ئانکارا
ماڵپەڕ Official website


سەلاحەدین دەمیرتاش (بە کوردیی زازاکی: Selahaddîn Demîrtaş) سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، ئێستاش سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌یه‌.

ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی “کۆمەڵەی مافی مرۆڤ”[IHD] بوو. ناوبراو هەروەها لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و “ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیا”شە.

دەنگدانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ٢٠١٤.

لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی هەدەپە[١] بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.[٢]

ئاشنابوون بە دۆزی کورد و هاتنە ناو سیاسەت

دەمیرتاش دەڵێ لە مانگی مارسی ١٩٨٨ی زایینی، کاتێک خوێندکاری پۆلی دووی دواناوەندی بووە، بە بیستی دەنگی دروشمی خۆپێشاندەران لە دەرەوەی قوتابخانەکەی لە ئامەد و ئاخافتنی مامۆستاکەیان لەسەر چەرمەسەرییەکانی کورد بەدەست حکوومەتی سەددام حوسێن و کیمیابارانی هەڵەبجە، بۆ یەکەم جار زانیوییەتی کە ئەویش سەر بەو نەتەوە ستەملێکراوەیە بەڵام هەر بە پێشنیاری مامۆستاکەی، هەوڵ دەدا لە سیاسەت نزیک نەکاتەوە هەرچەند ئەشقی بە موزیکژەنی، لە موزیکی کوردی نزیک دەکاتەوە و ناچار دەبێ ساڵانێک بە دزی دایک و باوکی، گوێ لە گۆرانی کوردی بگرێ. ناوبراو دەگێڕێتەوە کە شوێنبزرکرانی سەرۆکی پارتی ڕەنجی گەل[HEP] لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی و دۆزرانەوەی تەرمەکەی پاش سێ ڕۆژ و ئاڵۆزییەکانی ئامەد دوای ئەو ڕووداوە، بۆ یەکەم جار سەرنجی ڕاستەوخۆی ناوبراوی بۆ سیاسەت ڕاکێشاوە. هەروەها قۆڵبەستکرانی برایەکی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخستنی گەنجانی پەکەکە لە زانکۆی “موغوڵا” و سزادانی بە ٢٤ ساڵ زیندان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ماددی بۆ گرتنی پارێزەر، وای لێ کردووە کە خوێندن لە بواری بەڕێوەبەری دەریاوانی لە زانکۆی ئیزمیر جێبهێڵێ و ساڵی ١٩٩٣، لە زانکۆی ئانکارا دەست بە خوێندنی یاسا بکات. ساڵی ٩٥، هەر لە زانکۆ هەوڵی داوە بچێتە شاخ بەڵام بە گیرانی لینکە تەشکیلاتییەکەی، پلانەکەی لێ ئاشکرا بووە و دواتر بەم هۆیە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قۆڵبەست کراوە. [٣]

لە پارێزڤانیی مافی مرۆڤەوە تا سەرۆکایەتیی بەدەپە

دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٠وە بۆ ئەملا، لەگەڵ عوسمان بایدەمیر و کۆمەڵێک یاساناس و چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بووە و بەدواداچوونی بۆ سەدان دۆسیەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان کردووە. پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بایدەمیر بۆتە شارەداری گەوەرەشاری ئامەد، سەلاحەدین دەمیرتاش جێی ناوبراوی لە سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا گرتۆتەوە. ناوبراو بە هۆی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕۆژ تیڤی لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، سەرەتا بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا بەڵام دادگای پێداچوونەوە، دواتر سزاکەی بۆ پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێدرا گۆڕی. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧ی زاییندا لە جێگەی خەتیب دیجلە، لە ئامەد وەک کاندیدی سەربەخۆ لە لیستی دەتەپە کاندید کرا و توانی نوێنەری ئەو شارە لە پارلەمانی تورکیا. دەمیرتاش لەو ساڵانەدا وەک جێگری بەرپرسی فڕاکسیۆنی دەتەپە لە پارلەمانی تورکیا درێژەی بە سیاسەت دەدا بەڵام بە داخرانی حیزبەکە لە بەهاری ٢٠٠٩دا، تێکەڵ بە بەدەپەی دەستەخوشکی DTP بوو. دەمیرتاش، پاش داخرانی دەتەپە و قەدەخەکرانی سیاسەت کە زۆربەی دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە، لە کۆنگرەی ئاوارتەی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP]دا بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، لە فێبرواری ٢٠١٠دا، وەک یەکەم سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا. ناوبراو لە سێپتامبری ٢٠١١شدا بۆ جاری دووهەم، لەگەڵ "گوڵتەن کشاناک"، وەک هاوسەرۆکی بەدەپە هەڵبژێرایەوە. سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی بەدەپە لەمەودوا بە شێوەیەکی ئەکتیڤتر لە جاران هاتە ناو سیاسەت و ڕۆڵی چالاکانەی لە وتووێژەکانی ناسراو بە قۆناخی ئۆسلۆ، ڕەوتی ئاشتی، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، دۆسیەی کەجەکە و هتد گێڕا و بوو بە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١١ش، وەک یەکێک لە بەربژێرانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دێمۆکراسی، لە جۆڵەمێرگ خۆی پاڵاوات و بۆ دووهەم جار وەک پارلەمانتار هەڵبژێردرا.[٤]

هەدەپە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار

ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، دەمیرتاش و هاوحیزبییەکانی، بەمەبەستی پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و تورکیا، حیزبێکی چەترئاسای فرەدەنگ بە ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان [HDP]یان دامەزراند. دەمیرتاش لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، لە ٢٢ی حوزیرانی هەمان ساڵدا، وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران. دەمیرتاش لە لایەن حیزبەکەیەوە لە ئەگۆستی ٢٠١٤ دا وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری کرا و لەم قۆناخەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرۆک و دامەزرێنەری ئاکەپە و سەرۆک وەزیری ١٢ ساڵی ڕابردووی تورکیا کەوتە ڕکابەریی ڕاستەوخۆ. ناوبراو هەرچەند لەو ڕکەبەرییە نابەرابەرەدا، سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵنەبژێردرا بەڵام لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژارداندا، توانی سەرنجی زیاتری کۆمەڵگا و مێدیای تورکیا بۆ لای خۆی و حیزبەکەی ڕابکێشێ و ڕێژەی ٩.٧٦ی دەنگەکان بەدەست بهێنێ. شتێک کە سەرکەوتنی دواتری حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی گشتیی تورکیای مسۆگەر کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش، وەک هاوسەرۆکی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی ٢٠١٥دا، ڕۆڵی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لەئەستۆ بوو. [٥]

بنەماڵە

سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢ی زاینییەوە لەگەڵ باشاک دەمیرتاشی مامۆستا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و باوکی دوو کچ بە ناوەکانی دەلال و دڵدایە.

ژێدەرەکان

  1. ^ "Turkey HDP: Blast after pro-Kurdish leaders Demirtas and Yuksekdag detained - BBC News". BBC. 2016-11-04. Retrieved 2017-03-02.
  2. ^ "HDP's Demirtaş: I'm not a manager, member, spokesperson, or". Birgun.net. 2015-09-09. Retrieved 2017-03-02.
  3. ^ http://www.hurriyet.com.tr/pazar/14161426.asp
  4. ^ http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=8933&ID_map=24
  5. ^ http://www.haberturk.com/gundem/haber/1040409-demirtasin-bilinmeyenleri