دیوانی حەمدی/ا
Appearance
1
[edit]دەریایی حوسن و نازی مەوج و حوبابی هێنا | یەعنی لە زلف و پەرچەم عوود و ڕووبابی هێنا |
وەمزانی بۆ چراخان مەلەک شەهابی هێنا | «ساقی لە پەردە دەرهات جامێ شەرابی هێنا |
دڵ خیرە ما لە حیرەت ماهـ ئافتابی هێنا» | |
مەجمووعی سالکی عەشق کاری بە قەبز و بەستە | حیکمەت بە تاڵە هەیئەت ئەوهامی بەرز و پەستە |
لەم ئەمرەدا ئەرەستۆ بڕوانە چی بە دەستە | «تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بە چاوی مەستە |
بەختیش موافقی عەشق بۆ من خراپی هێنا» | |
چ موشتەعیل چ موزلیم ئەجرامی ئەرز و کەیوان | جوملە میسالی شەونم مەحوون بە ڕۆژی ڕەخشان |
ڕوو گەر نەدەی بەجێ بێ نەک هەر بەمن بە هەموان | «یەک زەڕڕە عەکسی پرتەو دەرکەوت و تووری سووتان |
ئاوێنە سەخت ڕوو بوو لەو عەکسە تابی هێنا» | |
ئەم شۆر و سوورە نەکرا ئەزەل لەگەڵ ئەلەستا | قەت ناکرێ قیامەت ڕۆژی حەشر کە هەستا |
ڕۆحم لە شادییا چوو دڵم لە غەم نەوەستا | «یارم لە دەر دەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا |
غەمناک و شادمانم ڕەحمەت عەزابی هێنا» | |
ویستم کە تاجی سەرنێم تاجم لەسەر فڕێ دا | سەر بەرزیم ئارەزوو بوو سەرم لە پشتی پێ دا |
ئەم جوزئی ئیختیارە جیلوەی بە بەختی کێ دا | «بۆ تۆبە سویی مەسجید هاتم بچم لە ڕێدا |
بۆ کۆیی مەی فرۆشان قیسمەت شیتابی هێنا» | |
مردم ئەمەندە کردم نوێژی ڕیا و تەهلیل | سووتام ئەمەندە خوێندم ئەسمائی حوببی تەعجیل |
ڕامم بەوە پەری ئەو فکری نەکردوە تەعدیل | «ڕوو هەر لە من ئەپۆشێ وا حاڵییە کە جبریل |
هەر خاسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا» | |
نەیدی بە چاوی نێرگس نەیبیست بە گوێچکەیی گوڵ | ئەم بەزم و نەزمە عومری نووحیشی بۆ بێ بولبول |
یاقووت و دوڕڕی حەمدی هەڵڕشت بەبێ تەئەممول | «وەی وەی چ مەجلیسێ بوو دوێنێ لە دیدە و دڵ |
دڵبەر شەرابی گێڕا سالم کەبابی هێنا» |
2
[edit]ناوم نەما لە مۆرا هەر ما لە دەم ڕەقیبا | دەم سەگ نەکەوتووە کەس چبکەم لەگەڵ نەسیبا |
ئیعلانە ڕەنگ و بۆی یار کردوویە عاشقی زار | گوڵبەن بە بێ چرۆ و گوڵ دیارە بە عەندەلیبا |
هەرگیز خودا نەبینم دائیم خودا ببینم | ئولفەت لەگەڵ ڕەقیبا، کولفەت لەگەڵ حەبیبا |
من عاشقی هوما بووم وا بوومە هەمدەمی بووم | زەمانە نانەجیبی دانا لە جێ نەجیبا |
تا تۆ دەکەی درۆیێ سەد تیری ڕاستت بۆ دێ | هەر یەک بە سەد زەرەرتە سەودا لەگەڵ ئەدیبا |
کردوویە زوهد و تەقوا، زاهید بە نان و حەلوا | ئەم دەورە ئەمڕۆ ئەخوا لەگەڵ ئەهلی سەلیبا |
ئەمڕۆ نیگار ئەڵێن دێ قیامەتێ هەڵدەسێ | لەم کونجە تۆ بوەستی حەمدی لەگەڵ شەکیبا |
3
[edit]تەئسیری کرد هەناسەی سەردم لە دڵ هەوا | بەم عالەمە کە سەردی دەبینێ ئەمەند ڕەوا |
نەموت بە کەم مەزانە سەنەم ئاهی عاشقان | بێ سۆزی من بزانە دەکەی دەردی وا دەوا |
4
[edit]چینی سەری زلفت بووەتە فیتنە لە چینا | غارەتگرە چاوت لە بیلادی دڵ و دینا |
نەبڕایەوە ئەم شینە لە سینە کە دەکا دڵ | بەو جیلوەیی ڕوخسارە وەرە بیکە بە سینا |
مینا و حەجەرولئەسوەد و زەمزەم حەجی خەڵقە | من ماچی دەم و خاڵی لەب و گەردنی مینا |
ئیکسیرە مەگەر خوێنی سرشکی شەوی عاشق | ئەو بەردە دەکا هەر بە لەعل وا لە سەرینا |
ئەو ناوکی موژگانە بە کل بۆیە دەڕێژێ | ساڕێژی بکا هەر کەڕەتێ چوو بە برینا |
مەعلوومە لەدایک کە دەبن ئەهلی موحیببەت | فرمێسکی بە لێشاوە لەگەڵ ئاهی حەزینا |
نازم بە جەلال و حیشەمت میسلی سولەیمان | وەک دێوە ڕەقیبت کە لە ژێر حوکمی نگینا |
جانا مەبەرە هەمدەمی ئینسانی بەد ئەندێش | وەحشەت کە دەکەن ئەهلی موحیببەت بە قەرینا |
حەمدی بە ئەدەب یادی بکە ناوی نەبەی قەت | جاسووسی ئەوە چونکە دڵت وا لە کەمینا |
5
[edit]سەودایی سەری زلفە بە دایم لە سەرمدا | ئیمکانی نییە قەتعی خەیاڵە لە سەرمدا |
ئەو تیرە کە هاویتییە دڵ ڕاستە سەری کرد | بنواڕە چ دەردێکی بە بەندی جگەرمدا |
ئەو خاڵە ڕەشە تا نەبووە تانەیی چاوم | ڕووناکی نەبوو زەڕڕە لە نوقتەی بەسەرمدا |
سەد خۆزگە دەهاتیتە تەماشایی ڕەقیبت | دوێنێ کە پەتم کرد و لەگەڵ سەگ بەشەڕمدا |
دیواری گوڵستان قەفەسی بولبولی زارە | ئەو قاپییە جێمە چ حەپس بم چ بەرمدا |
وەک هاتنە دنیایی ئەگەر چوونە قیامەت | ئێرەش سەقەرە بەس بە سەفەر دەردی سەرمدا |
ئەو چاوە ئەسڵ بینە کە فرمێسکی خوێنە | دنیا گوهەرێکە لە دەریچەی نەزەرمدا |
واعیز کە جەوازی مەییدا باری گرانی | هەڵگرت حەقە حەمدی کە کرێ باری زەڕمدا |
6
[edit]جانانە بە ئەبرۆ خەبەری ماهی نەویدا | سوبحانە چ بەرقێ بوو بە یەک جیلوە بەویدا |
زلفی کە بە تەحریکی هەوا ڕوومەتی پۆشی | وەمزانی فەلەک ڕەونەقی ڕۆژە بە شەویدا |
گەر بێتە خەوم ڕۆحم ئەدەم هەر بە وەنەوزێ | سەیری چ ڕەواجێکە بە بازاڕی خەویدا |
ئەو چنگە کە شابازی نیگاهی لە دڵی دام | کەی باز و هەڵۆت دیوە لەسەر سنگی کەویدا |
ئادەم کە بڕی نرخی بەهەشت بۆ چی ڕەقیبت | ئەو قاپییە جەننەت بوو وەکوو کەر بە جەویدا |
دەورێ بوو ڕەواجی مەی و مەیخانە نەمابوو | ئەو چاوە خومارانە بە مەستی بڕەویدا |
دڵ لایقی زنجیرە خودا چاکی دەزانێ | سەندی کە لە حەمدی بەسەری زلفی ئەویدا |
7
[edit]ناڵینە ئێسکی من حەقی ئێوە هەتا ڕزین | وەک نەی خودا خودا لە حەشردا جودا جودا |
ئەی دڵ خەریکی زات و سیفاتی دەبێ ببی | نامەرد نەکەی خرۆش و نیدا یا سەدا سەدا |
تۆ هەر خەریکی سەجدە بە، ئەی ڕۆحە پاکەکەم | نابی بوەستی تا لەحەشرەدا نەدا نیدا |
عەرزی بکەن مەعاسی مەحزم من و ئەویش | ئەڵتافی مەحزە دیارە چ حوکمێ بدا بدا |
8
[edit]قەت داغی دڵ بە زاهیدی غافڵ نەدا خودا | چاوی دڵە بە ئەهلی دڵی بۆ خودا نەدا |
من سائیلانە بچمە بەر ئەو قاپیە و ئەویش | هەی هەی چ خۆشە بێت و بفەرمووێ خودا بدا |
مەنعم مەکەن لە عەشق و وەرن پەل پەلم بکەن | جا سەیری عەشقی پەل پەلی من کەن جودا جودا |
ڕۆحم نییە لە پاش وەفاتم هەموو سەحەر | گەر بانگی بێ نیازی بە گوێی دلبەرانیدا |
نازم بە بەرقی غەمزە میسالی برووسکەیە | ئافاقی دڵ دەکاتە چراخان بەبێ سەدا |
دنیا بە دەستی زۆرەوە هەر وەک عەسایەکە | پاڕانەوە و خوا خوایە هەموو ئەسلەحەی گەدا |
وەختێ ئەکەم نوێژی سبەینێ کە ڕۆژی ڕووت | هەڵبێ قەزایەکە کە ڕەواجی ئەدا ئەدا |
من نامەوێ ڕەقیب و ئەبووجەهلی لەعنەتی | ناچێتە دڵمەوە فەلەکیش گەر بکا نیدا نیدا |
گەردش دەکا لە عالەمی دامەن خوێنی دڵ | ڕەنگی دەڕێژی حەمدی بزانە چی ڕوو ئەدا ئەدا |
9
[edit]بۆ حاڵی من دیسانەوە شیوەن دەکا هەوا | ناچێ کە ئاهی نیوەشەوی کەس ببا هەوا |
گەر تێ گەیشتوویی وەکوو غونچە ببەستە دەم | وەک گوڵ کە خەندە مەیلتە عەقڵت بکە دەوا |
قاتیل بە حاڵی ئاخیرەتی تۆ ئەسەف ئەکا | کوشتە کە دەست و پێ بە یەکادا ئەگەر کەوا |
زوڵمت کە لێ بکەن لە کنت ئیلتیفاتە گەر | زاڵم ڕەزام بە خەڵقی ببینە زوڵم ڕەوا |
نەیژەن نەیت فڕێدە دەمێ گوێ لە من بگرە | لایق بە بێ نەوایە مەقاماتی بێ نەوا |
هەر خاکە چاوی برسیی شێخم کە پڕ بکا | ئادەم زەمینی نەبی چییە ببڕێ بەقەد کەوا |
بۆ سەربڕین کە دێت و دەمیشم لە دەم دەنێ | نازانی عەیبە پێی بڵێ حەمدی نەوا و نەوا |
10
[edit]خەیاڵی عەشقی ڕووتە وا لە سەرما | بە ڕووتی بۆیە نیمە باکی سەرما |
لە سکما لەرزی سەردی تۆیە گەرما | بە من ناگا و نەگەیوە باسی گەرما |
کە لەیلا کردی مەجنوونی خەڵاتم | سەراپا بەرگی ڕووتی کرد بە بەرما |
دڵی ئاگر بە ئاهی من دەسووتێ | کەچی ناڵەم لە دڵتا بێ ئەسەر ما |
دەمێکە دڵ گومە نامەرد بزانن | لەلای ئەو شۆخەیە یا دەربەدەر ما |
لە بەرماوەی کەبابی یارە ساقی | دڵی برژا و مەی دانا لە بەرما |
بە پیری یارەوە حەمدی بە پێ چوو | بەسەر ناچێ ئەگەر ئەمجا بەسەرما |
11
[edit]کە وەک ڕۆژ ئەو هەڵات ئەستێرە ئاسا بووم لە خۆ ئاوا | وتی ئەم جیلوەیە چی بوو ئەوە دەردت بخۆ ئاوا |
تفەنگ و تیری دڵدۆزم خرۆش و دووکەڵی ئاهە | کە ئێمە کونجی وەحدەتمانە مەیدانی شەڕ و داوا |
بە قانوونی حەیا ئەلبەت موجازاتی قەڵەم دەدرێ | زمانی بۆ بڕین چاکە ئەوی کردی کە شت داوا |
ڕیجالی ئێستە وەک منداڵی ساوا ڕق لە شت دەگرن | دەڵێن عەسری جەدیدە ناکرێ ئێمە نەبین ساوا |
خوداجۆی گەر لەبی جۆ و گەردنی مینایی مەی بگرە | کە پەردەی دینی شێخ زوڵمی تیایە ڕوونەکەی ئاوا |
کە دنیا ڕووی لە تۆ کرد شەرتە بۆ چی پشت لە من کەی بۆ | بە بووکی وا جیهان گەردیدە غەڕڕا حەیفە بێ زاوا |
لە دڵما تاجدارە غەم دەڵێی ئەسکەندەرە حەمدی | دەبێ حورمەت بگیرێ چوونکە نەیما مەلجەء و مەئوا |
12
[edit]غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا | ئەجەل مەهمانە غەم غەمبارە یاری بۆ سەفەر دەڕوا |
غوڵامی ئەو کەسەم فەرقی نەکا عیززەت لەگەڵ زیللەت | تەنەزوول بۆ فەلەک ناکا بە دوونێکی کە هەر دەڕوا |
لەپەی جەهلا بە عیززەت چۆتە مل ئیدراکەوە زیللەت | لەگەڵ ئەم تەوق و پێوەندە لە دنیا موختەسەر دەڕوا |
نیشانەی ئافەتە هەردەم شکۆفەی ئارەزوو پشکووت | ئەمەل نەخلی هەمیشە سەوزە ئەمما بێ سەمەر دەڕوا |
سەدای قاڕوون و غەزنەی دێ دەڵێ غافڵ مەبن خەڵقە | زەمانە خۆشە وەک ئێمە نیهایەت بێ ئەسەر دەڕوا |
خەلەف مەحروومە ئەربابی مەعاریف وەختی تەجریدە | کەلامی کۆن و کاغەز کەی بە نرخی سیم و زەڕ دەڕوا |
عەبەس حاڵم بە مازی کرد ئەگەر بۆ حاڵی ئیستیقبال | لە ڕێی ئەو شۆخەدا سەرفی ئەکەم باقی هەدەر دەڕوا |
لە بەینا پەردەیێکە مانیعی دیداری ئەو ماهە | کە لاچوو پەردە جا شەوکەت لەبەر پێتا بەسەر دەڕوا |
مەماتی جا حەیاتە هیجرەتی ئەوسا مولاقاتە | بەڵێ عوششاقی ئەو شۆخە لە حەشرا بێ خەتەر دەڕوا |
قبوولی کە بە سەگ حەمدی ئەگەر نابێتە عوششاقت | کە پابۆسی سەگی تۆیە هەتا شەمس و قەمەر دەڕوا |
13
[edit]قەمەر ئەم جازیبەی کەی بوو نواڕی دلبەرم پێما | نە شەوقی دیدەنم پێما نە قووەی دەستم و پێ ما |
مەقامی یار کە قەسری دڵ نەبێ ئاوێنەیی چاوە | مونەووەر تینەتی لەم دەهرە کەی بوو کەی بەبێ جێ ما |
سەفەربەر بن کە عالەم هەر کەسێ مرد گەیوەتە مەنزل | لەباتی ئەو بکەن شینی ئەوانەی پاشی ئەو جێ ما |
وەفا و سەڵتەنەت یەک ناکەوێ بنواڕنە خورشید | لە تەختی نیوەڕۆدا فەرموو سایەی بۆ سەری کێ ما |
چ یارایانە بنوێنن لە ڕووی جانانەدا خوبان | کە خۆر هەڵهات تەماشاکە فەلەک یەک کەوکەبی لێما |
سیڕاتی موستەقیمی عەشقە ڕێگەی گوڵشەنی جەننەت | کە بولبول ساحێب ئیدراکە موعەتتەل کەی لەسەر ڕێ ما |
لەبەر دەردی سەرە حەمدی بەسەر گەردی لەڕێدا کەوت | لە بەدبەختی لەسەر ڕێشدا سەری بێ سەندەڵی پێما |
14
[edit]منی لایەق بە ڕیسوایی شوکر دیوە لە مەفتوونا | وەکوو لەیلا بە مەجنوونی کە قابیل دی لە مەجنوونا |
کە عەشقت کەوتە تەنویراتی دڵ عەقڵم لەسەر دەرچوو | بەڵێ دووکەڵ بە هەڵگیرسانی کوورە وا لە دەرچوونا |
حەکیمانە وەرن بنواڕنە ئەم خەتتی ئەبرۆیە | بزانم کەی بوو ئەم حەرفە لە تۆماری فلاتوونا |
تەماشای جیلوە کەن دەیدا بە حوسنی خوێنی شیرینی | دەڵێی ڕۆحی کەلامی ئەهلی حاڵە وا لە مەزموونا |
لە حەسرەت ڕوومەتت ئەوجی دڵم هەر داغی پڕ شەوقە | هەر ئەو داغانەیە باقڵ کە ناویشیە بە گەردوونا |
سیەهـ بەختی منە زلفی بە جارێ ڕوومەتی پۆشی | کە ڕۆژم وا بە ڕەش بەڕەش گیرا قیامەت وا لەبەر بوونا |
لە سەد عالی تەبعدا کامیابێکم نەدیوە قەت | وەکوو نەمدی کە تەنها نابەکامێکیش لەسەد دوونا |
لە بەزمی عالەمم چی خۆم هەمە حەمدی دڵی برژاو | لەگەڵ دوو ساغیری دیدەی پڕ ئەشکی خوێنی مەیگوونا |
15
[edit]لە ملیا بەختی من ڕەش بوو بەدەورەی خاڵییا ئاڵا | لە مل دەستی کە هەڵگرت زلف بەلێوی ئاڵیا ئاڵا |
بە عومری خۆی هەر ئەمجارە بە مندا چاوی هەڵهێنا | کە مەستانە نیگاهی کەوت بە دیدەی کاڵیا ئاڵا |
کە مانگ و ڕۆژ ئەگەینە شەوقی ڕوخساری بە ناچاری | لە دەورەی دائیما هەر دوو بە دەورەی ساڵیا ئاڵا |
قەزا پەل بەستی شێری نەڕ بکا نەی پارەیێ بەسیە | لە ملیا سەیری کەن دەستم لەگەڵ دەسماڵیا ئاڵا |
برۆ میزانی دوو چاوی کە ڕاگرت تالیعی من بوو | سەری کرد وەک سەری موو چوو بە لای مسقالیا ئاڵا |
لە شەکراوم گەلێ پێ خۆشترە قاوەی شەکەرلی من | لە دەم تا هاتە دەر شەککەر بەجوێنی تاڵیا ئاڵا |
تەماشای شەهسواری ئاسمانی فەخری عالەم کەن | کە حەمدی ئەسپەکەی بەدرە بەدەورەی ناڵیا ئاڵا |
16
[edit]بە مەنسوور و قەلەندەر قەت ئەبن ئەسکەندەر و دارا | بە ناحەق با بکەن خۆیان لە عالەمدا بەسەر دارا |
لەسەر شاخی گوڵێ ئەم مەسرەعەی تیکرار ئەخوند بولبول | بە خەندەی غونچە قەت نابێ بکەم باوەڕ لەسەر پارا |
لە بورجێکی بوخارا جیلوەیی دا میسلی مەهـ شاهێ | نەوەک هەر بۆ بوخارا بوو بووە ڕۆژی جیهان ئارا |
بەیەک لەمعە لە ئافاقی بە جارێ کردە دەر زوڵمەت | لە دڵدا هەر بە ڕابوردن نەمابوو قووەتیش یارا |
گەدایی کوچەیی ئولفەت کە نەیبووە قیسمەتی شاهان | بە ناچاری لەسەر تەختی جەدەلیانە لە ناو شارا |
کە باسی موویەکم پرسی دەمی لێک کردەوە شانە | نەسیبی دۆستانم بێ جیهانی عەنبەری سارا |
ڕەقیب گەر عەقڵی ببوایە دەکەوتە شوێنی ئەو شۆخە | دەگەییە ڕوتبەی ئینسانی لەگەڵ یاران لەبەر غارا |
بەبێ لوتفی مەزانن ڕوو لە حەمدی گەر نەکا حەقییە | نەزاکەت مانیعە بۆ گوڵ کە تێکەڵ بێ لەگەڵ خارا |
17
[edit]کە داغی نا بەسەر دڵما وتی جا خوێنی قەی ناکا | دەمی مینایی مەی گیرا لە باخەڵدا بێ قەی ناکا |
لە ئافاقی سەخادا حاتەمی تایی ئەگەر بفڕێ | بە ساڵێ مەنزیلی ساتێکی ساقی ئێمە تەی ناکا |
لەسەر پەنجەت عەبەس گەوهەر ئەدا مەوجی خوێنی دڵ | لە دەم تا خۆی نەدا بمری لە لێوی جامی مەی ناکا |
بە ئاوی تیرە بارانی تەقیوە چەشمەیی چاوم | ئیتر کەشتی ئەمەل حاجەت بە سەیلی لێڵی دەی ناکا |
لەگەڵ ئەو قامەتە شیرینە عەرعەر بۆیە کەم عومرە | لەگەڵ کوللی هەوایێکا تەمایول میسلی نەی ناکا |
لە سەحنی مەیکەدە گەر بانگی مەستی سۆفی یێ ببیەی | لە گۆشەی تەکیەدا عەقڵی ببێ قەت بانگی حەی ناکا |
دوعای نیوەشەو و ناڵەی سەحەرگا نەبوە تەئسیری | بە ئومێدی ویساڵی تۆ ئەمانە حەمدی کەی ناکا |
18
[edit]دەبێ ئەهلی بەسەر فەرقی گڵی بەرپێت لە کڵ چی بکا | لە ڕووتا غەیری زەم بولبول دەبێ تەعریفی گوڵ چی بکا |
کە ئەو سەروە بە نووری مەی لە گوڵشەن کوڵمی داگیرسا | کە گوڵ ڕەنگی لە ڕوو نەبڕێ نەسووتێ بۆی چقڵ چی بکا |
ئەگەر ئەو شۆخە یەکدەم دەم بە خەندە ڕوو لە گوڵشەن کا | لە شەرما غونچە گەر عەودەت نەکاتە بەتنی چڵ چی بکا |
وەرە زاهید ببینە مەشعەلی حوسنی جەماڵی یار | بە غەیری مەزهەبی ئاتەش پەرستی فەرموو دڵ چی بکا |
لە بازاڕی موحیببەت مشتەری لەو ماهە حەیرانن | ڕەواجی حەزرەتی یووسف کە کەمتر بێ لە قول چی بکا |
لە بەرگی عاریە مەجنوون کە عاری بوو بە لەیلای وت | دەبێ ئازادە سەروی گوڵشەنی عەشقت لە جل چی بکا |
هەموو عالەم کە سەرگەرمی قەدەح بازی مەین حەمدی | لە هاژەی سەیلی فرمێسک و لە گریانی بە کوڵ چی بکا |
19
[edit]بپێچە دامەنی موتریب بڵێ من کردم ئەو نەیکا | دەخیلە فرسەتە ساقی عیلاجی بوربوت و نەی کا |
ئەوی عەقڵی هەیە هەر دەرک و هۆشێکی لەسەردایە | فیدای چاوی نیگار و بەچە و پەیمانەیی مەی کا |
بەشی شێخ و مەلا ناکەن بەهەشت و کافەیی دنیا | لە مەیخانە جەهەننەمدا مەگەر ئەم خەڵقە ئۆخەی کا |
مەزاقی کوهکەن باوەڕ مەکە شیرین ببێ شیرین | ئەگەر خوێنی دڵی شەیدا لە کاسەی کەللەیی کەی کا |
وتوویە دێم و ئەمجا دەیکەمە قوربانی یەک غەمزە | خودایا سا بە خێری بێنی ئەم ڕەحمە دەبێ کەی کا |
لە بابی فەقرەوە بشگاتە سەر گەنجینەیی قاڕوون | فەقیری ئەو فەقیرە فێر نییە وەک حاتەمی تەی کا |
تەماشاکردنێکی مەزجی تەبعی حەمدی کرد مەستێ | نیگاهی مەست دەبێ تەئسیری ئەعماقی ڕەگ و پەی کا |
20
[edit]چ پەروامە کە ئەو وەحشی غەزالە بێ وەفایی کا | خەیاڵی نەبووە هەر نیشە لەگەڵ کەس ئاشنایی کا |
بە پەڕ بازی وەکوو پەروانە بۆ سووتن نەچم چبکەم | بەنووری ئابی مەی کوڵمی کە هەڵگیرسێ و چرایی کا |
هەتا ڕۆژی قیامەت ڕێی لە قەسری ناکەوێ قەیسەر | لە کووچەی عەشقدا ڕێگەی بدەن شاهێ گەدایی کا |
دەبا هەر غەرقی دەریایی ئەسەف بێ کەشتیی عومرم | خودا بێ گەر بە مەیلی ناخودا کا و ناخودایی کا |
میسالی کەوکەبی ئیقبالی من بێ شەوق ئەبن خوبان | لە ئافاقی حوسندا ئەو مەهە گەر خودنومایی کا |
هەتا دەستی دەبێ بۆ تەفرە لێی لادەن جەنابی شێخ | نوێژی سەر حەسیری بۆریا یا بۆ ڕیایی کا |
هەتا داوێنی ئیقبالە ڕەفیقی ئەهلی ئەم عەسرە | دڵیش وا تێ دەگەم حەمدی لەوەسڵا ماڵ جیایی کا |
21
[edit]بە غەیری داغی دڵ نەقدم هەچی بوو چوو لەبەر پێتا | سەرم مابوو بە سەر گەردی ئەویش کەوتووە لەسەر ڕێتا |
لە ڕەسمی عاشقی زەحمەتترە مەعشووقەیی یاران | کە کەس ساتێ بەسەر نابا وەکوو لەیلا لەگەڵ شێتا |
دەترسم ڕاحەتت لێ تێک بدەن ئەڕواحی عوششاقت | کە شەو بەو شەوقەوە غافڵ لە گەردش نین بەسەر جێتا |
ببینێ هەر کەسێ برژانگ و ئەبرۆ و چاوی مەستی تۆ | دەڵێ خوێنڕێژە ئەم مەستە بە ئیستیدلالی هەر سێتا |
چ مەخلووق و چ خالیق خۆشیان نایە لە بێ جێیی | لە دوو دنیام دەکەی ئەی دڵ بە هاتووچوونی بێ جێتا |
بە مشت پێوانەیی دەریایە باسی حوسنی تەنیا مووت | کە ناکەم گەر بخوێنم شاهنامە سەد کەڕەت پێتا |
بە سەردی مەیلیا نێزیکە حەمدی گەرمی حیددەت بێ | کە لەرزێکی لە دنیادا نەدیوە هیچ کەسێ بێ تا |
22
[edit]دڵم کون کون بووە لازم دەکا بکرێ کە شەق شەق جا | فیدای موژگان و ئەبرۆتم نیگاهی چاوی ئەبڵەق جا |
بە یادی تورکی مەستی نازەوە، نازی ڕەقیب خۆشە | کە فەڕ و دەوڵەتی باڵی هومامان بۆتە لەقلەق جا |
لەسەر ئیحسانی شاهان و کەماڵی تێگەیشتوانا | وەرە بنواڕەرە دەستی گەدا و تەوری ئەحمەق جا |
قسەی مەنسوور کە دنیای گرت بە حەق کردن بە دارا بوو | لەژێر دارا کە کوشتن بێ قیامەت گیرە ناحەق جا |
زەمانە سەفحەیی جاهـ و جەلال و قەدری وەرگیرا | مودارا کەن بە تەحقیر و بە تەجریم و بە نەستەق جا |
بە مەعنا ئیعتیرازت بوو لە کەشفی عاریفان ئەی دڵ | لەبەرچی بووی بە جام ئێستە بەبێ مەعنایی موتڵەق جا |
بە ئەحواڵی زەمان حەمدی وەها چاکە کە ڕازی بی | ئەگەر ڕازی نەبی حازر ببە بۆ نیوە شەو تەق جا |
23
[edit]وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب یەخخە دابدڕێت و سەر دەرخا | قیامەت هەڵدەسێ وەک سوبحی مەحشەر سینە گەر دەرخا |
نیشانی دام سەبا عیلمی پەرێشانی لەسەر پەرچەم | موعەللیم چۆن کە شەرحێکی موتەووەل موختەسەر دەرخا |
حیسابی چوونە جەننەت زەحمەتە عالەم لە دڵ دەرکەن | مەگەر ئەو شۆخە گوڵزاری جەمالی سەربەسەر دەرخا |
مەڵێن لالە شەهیدی عەشقە دڵ پڕداغی هیجرانە | دەبا بێ نەوعی من داغی دڵ و خوێنی جگەر دەرخا |
هەزاران مردە زیندەی خەندەیێکی یارە با دنیا | وەکوو مریەم مەسیحایێ لەیەک یاقووتی تەڕ دەرخا |
لە بوستانی جیهانا گەر نەخیلێ ئیددیعا جۆیە | لەگەڵ باڵایی تۆ لیمۆیی شیرینی بە بەر دەرخا |
هەتا سوبحی قیامەت نێرگس و غونچە چرۆ ناکەن | لە گوڵشەندا کە یار سوبحێ دەم و گۆشەی بەسەر دەرخا |
لە دەریایی وجوودا نەیدی وەک تۆ گەوهەرێ غەوواس | مەگەر میسلت لە دەریایی عەددەم دەستی قەدەر دەرخا |
مەحاڵە موشکافی حەمدی بێتە مەوقیعی بینین | مەگەر یار وەک میانی خۆی بە تەعریفی کەمەر دەرخا |
24
[edit]سوراحی چاوی فنجانی بە قوم قوم شەو کە هەڵهێنا | سەفی ساغیرکەشان وەستان بە لەهجەی قامەتی مینا |
لە سەدمەی شەوقی ساقی و نووری بادە پرتەوێ هەستا | کە مووسا دی بە شەوقی مەیکەدە سووتا گڵی سینا |
25
[edit]وەک خەڕەک چەرخی فەلەک دایم خەریکە با ئەدا | دوو کڵافەی میهر و ماهی خاوی بای دوولا ئەدا |
وا سەری بازاڕی کۆنی گرتووە وەک مشتەری | چاکی ناسیوە بە دنیا تا قەد و هەودا ئەدا |
26
[edit]تێر دەبێ برسی خەیاڵی گەر لە قورسی مانگ بدا | لازمە ئەمجا کە مانگ گیرا هەموو کەس بانگ بدا |
میسلی کوڕ مردوو کە بۆ مانگی بکەن بانگ و سەڵا | ڕۆژ بگیرێ ڕەنگە ئەم قەومە فەلەک هەر قانگ بدا |
27
[edit]کەس لە فرسەت ناگەڕێ کێ ئینتیزاری هەل ئەکا | خەڵقی مەجبوورە لەگەڵ ئەم سایقانە هەڵ ئەکا |
حاجەت و دەوڵەت جەلال و نەگبەتە ئەم عالەم | خانە خانە پاش و پێش وەک داشیدامە هەڵ ئەکا |
28
[edit]تۆ لە ئەرزای بۆ لە ئێمە لووتی خۆت کردە سەما | مەعریفەت بنوێنە باوی چەشم بەندی وا نەما |
تۆ لەباتی خودنومایی دەرخە ڕەنگێکی غەریب | تا ببی لەم عەسرەدا میسلی حەنا ئەنگوشت نوما |
29
[edit]میسلی عەبدوڵڵا عیبادەت خەڵقی بۆ یەزدان ئەکا | چونکە بۆ بوون و نەبوونی کوللی شت فرمان ئەکا |
خەڵقی باوەڕیان بە فەخری ئەنبیا بێ شک هەیە | چونکە مەحبووبی خودایە و خەلعەتی قورئان ئەکا |
بۆ ئەوامیر بۆ نەواهی جوزء و کول قووەت هەموو | جیلوەیی خوایە ئەویش لوتف و قەهر ئیحسان ئەکا |
قەت مەبن غافڵ لە دەرگاهی جەلالی کیبریا | لوتفی زۆرە ساڵی تەئریخی وەفات «غوفران ئەکا» |
30
[edit]جوێنی تاڵی یار لە زەوقا مەززەیی شیرین ئەدا | کۆهکەن کەی ئەم قەرارە بۆ قسەی شیرین ئەدا |
جیلوەبازی ئەمشەوەی بۆ کوشتنی نەفسی منە | خۆر ئەمەندە شوعلە بۆ گوم کردنی پەروین ئەدا |
من بە دنیا ناگەم و دینیش لە دەستم دەرچووە | هەر بە ئومێدی ویساڵی دلبەرم تەسکین ئەدا |
زەمزەمەی ئەم نیوەڕۆیە سوبحی مەحشەر نیسبەتە | یارە تەرتیباتی کوشتن بۆ منی مسکین ئەدا |
تۆ دەزانی لەم خەلادا تەقڵەدانی با چییە | مل شکاوە دەم لە باسی پەرچەمی موشکین ئەدا |
چاوی من ئێوە بە ساغی دادەنێن کوێری زەلیل | تەجرەبەی خاکی دەریکا قووەیی بینین ئەدا |
دوژمنی ڕێگەی محەببەت جانفیدایە میسلی دۆست | کوفری زلفە موو بە موو بۆ من کە شەرحی دین ئەدا |
حازری نوێژی شەهیدی عەشقی تۆن فەوجی مەلەک | بۆ موبارەک بادی مەنزل ڕێ بە مەئموورین ئەدا |
کوشتنی حەمدی بەجێیە تۆ ئەگەر عاجز نەبی | بۆ شەهادەت عەرز و حاڵی بۆ جلی خوێنین ئەدا |
31
[edit]دڕک و دەستت گەر هەیە حازر بە دەستت گوڵ درا | تۆ لە گوڵشەندا بزانە گوڵ بە غەیری چڵ درا |
قوم قومی خوێنی دڵ و برژانی قرچ قرچی جگەر | سفرەیی عەیشێکە خاسە هەر بە ئەهلی دڵ درا |
سازە ناسازێ بە بەزم و نایە ناناڵێ بە دڵ | ڕۆژی ڕەقسینە کە ڕەغبەت هەر بە پاو و پل درا |
چاوی بینا هەر سیەهـ بەختی بەسە بۆ ڕشتنی | هەر بە چاوی کاڵی خودبینە کە تۆزێ کل درا |
کولفەتی ئەمڕۆی وجودی دیبێ گەر ڕۆحی بەشەر | شێتە بەم تەوقە چ عەقڵێ بوو کە ئەووەل مل درا |
باری ڕاستی قەت لە موویێکا نەدی شانەی فەقیر | هەر کەسێ دڵ چاکە دایم هەر بەشی موشکیل درا |
عومری وەک عەیشی بە دایم کورتە حەمدی عاشقان | پێنج و دوو ڕۆژێ بە هەر دوو حیسسەیی بولبول درا |
32
[edit]بۆ خەت و خاڵی ملی شیرین کە وەک کەو ڕێژرا | هەر ئەزەل خوێنی دڵی فەرهاد و خوسرەو ڕێژرا |
بۆ بەیەک چڵ نێرگسی سەحرایی ئولفەت قەیسی شێت | بەو کلی نازە کە چاوی مەستی لەیلا ڕێژرا |
مەنزەرەی گوڵزارە وەک من کوڵخەنیش بێ مەسکەنی | ئەو گوڵە عەکسی لە چاوی هەر کەسێکا نێژرا |
ئەرزی ئەقدەس گەر لە دنیادا ببێ مەیخانەیە | قودسییە وەک خۆم ئەوانەی لەو مەقامە نێژرا |
گەر بە نیسبەت کردەوە بدرێ جەزای خوێنی ڕەقیب | من دەخۆم و هەر بە خوێی چێشتی دەزانم چێژرا |
ئینقیرازی موددەعی ڕەندان نیشانەی هارییە | تۆزی خۆڵی مردووە حەققی بەسەریا بێژرا |
گوڵ لە بەرگی سەوزی خویدا نازک و شیرینترە | بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا |
33
[edit]خۆزگە بەو ڕۆژە لە دەرگاکەت بە شەق دڵ دەرکرا | فەزڵی ئەربابی حەمییەت بۆ بەسەر خەڵقا درا |
سەد کەڕەت گەر دەرکراوم لازمە هەر بێمەوە | تا دەسووتێ هەر دەبێ پەروانە بێتە بەر چرا |
مەسئەلەی شامی فیراقم لێ مەپرسن تو خودا | مەنجەنیقێ بوو لە دنیادا کە بۆ من داخرا |
حاڵی عاشق نیک و بەد تابیع بە مەیلی دلبەرە | تەپڵی بەد ناوی لە عالەمدا بە ئێمە لێ درا |
وەک محەک سەنگی فەلاکەت تەجرەبەی عالەم دەکا | کەڵکی بۆ کەس نەبووە باب و قەوم و ئەولاد و برا |
عەقل و جاهم دا بە شێت و حاڵەتی ئاوارەیی | جائیزە شەرعەن لە وەختی جیننەتا بەیع و شیرا |
کوشتنی ئەهلی موحیببەت وەک جلووسی شاهییە | ئەم چراخانە لە گەردوون بۆ من ئەمشەو هەڵکرا |
ڕەهبەری ئینسانی بەدبەخت دائیما هەر ڕەهزەنە | بۆ خەبەرداری دزانە دەنگی زەنگی من زڕا |
هەر وەکوو ئەم شیعرە ڕەنگینە سەوادی سەفحەیە | بۆ موتاڵای حەمدی یە زلفت لەسەر ڕوومەت نرا |
34
[edit]خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا | زەربی ئادابی قەواعید بۆ بە ئەمری شاز ئەکا |
تێ نەگەیوە ئێمە دەیزانین موسەببیب هەر ئەوە | حوشترە قەززاز مریشکە هێلکە هەر وەک قاز ئەکا |
شینەشاهۆیە لە ئەوجی کەهکەشانا وەک شەهێن | بۆ شکاری قورسی مانگ و جورمی خۆر پەرواز ئەکا |
کۆترەباریکە قەلەباچکەش کە گاڵتەی پێ ئەکرد | وا بە پەڕبازی خەریکە مەغلەتەی شەهباز ئەکا |
ساقی کوێر و کاسە کەل بادە نسیبی شێت و شەل | موتریبی ناسازە تاری عەیشی مەجلیس ساز ئەکا |
جاهیل و کەمفام ئەگاتە مەجلیسی وەسڵی نیگار | ماچی سەر کوڵمی لەتیفی هەر بەجووتە و گاز ئەکا |
کەر لە کوێ کەوتووە لە کوێ کوندە دڕاوە سەیری کەن | ئاشەوان دانی نییە بەرداشەکەی بیراز ئەکا |
ئیبنی مریەم ڕادەکێشێ سفرەیی خاسی بەهەشت | وەک حەوارییون یەهودی ئیددیعای ئیعجاز ئەکا |
ژاڵە گوڵباغی دەکا پیر سۆزە شەمعی بەزمی عەیش | کوللەیە پەروانە فیسقە بولبولی ئاواز ئەکا |
ئەهلی هیممەت حەقیە تەعنە گەر بدا ئەمڕۆ لە ڕۆژ | بۆ هەڵێ لەم عەسرەدا ئەو نوورە پای ئەنداز ئەکا |
تەبعی حەمدی دەستگاهێکە بە پێوانەی غەزەل | بۆ بەری هەم عەسرەکانی ئەلبیسەی مومتاز ئەکا |
35
[edit]سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا | سەجدەیی شوکری کە پێ برد کەوت بەسەر تەوقی سەرا |
خۆر لە تابی شەوقی مەهڕوخساری من کوللی شەوێ | چاوی هەڵنایە لە بەرتا وا لە جێگەی سێبەرا |
بادەنۆشانی سەبووکەش سەهلە گەر هیممەت بکەن | هەر لە دوردی جامی مەی قوڕ دەن بە چاوی کەوسەرا |
خاکسارێکی وەکوو من چۆن دەگاتە قاپی یێ | بۆ جەلال و شەوکەتە حەلقەی لە گوێچکەی قەیسەرا |
شەخسی ساحێب نیعمەتە مەعرووزی فیتنەی ڕۆزگار | باغەبان ناچێ بەگژ دار و درەختی بێ بەرا |
بێ تەئەممول زەحمەتە دۆزینەوەی ڕێگەی نەجات | ناخودا ئەم مەسرەعەی نووسی لە گێژی لەنگەرا |
ئاگرێکی کردەوە حوسنت لە سەحرای ئولفەتا | بۆ حەسوودان ڕەنگە دۆزەخ بێ لە ڕۆژی مەحشەرا |
حوکمی شەست تیری هەیە بۆ دڵ نیگاهی چاوی مەست | تیر بە شوێن تیرا دەکا نەشتەر بە شوێنی نەشتەرا |
من هەزار دەفعە بڵێم زەحمەت یەکێ باوەڕ دەکا | ڕۆژە وەک ئەڵماسی پڕڵانتە لە پەنجەی ئەختەرا |
حەمدی سەودایی چلۆنی وا لە ژێر سەردا سەرت | ناوی ئەو شۆخە دەنووسێ شەو لە خشتی ژێر سەرا |
36
[edit]هەر نەبوومایە بە دەردی عەشقی یاری موبتەلا | جا دەبووم قیروسیا ڕۆژێ دووچاری سەد بەڵا |
زاهید و من بانگی ئەمشەومان کە یەک کەوت سەیرێ بوو | من فیغانی ئەلویساڵم، ئەو تەلاشی ئەسسەلا |
وا دەزانم هاتووە ئەو وەعدە بێت و بمکوژێ | هەر وەکوو سەگ ئەم ڕەقیبە بۆیە کەوتە حەلوەلا |
بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ئەی ڕەقیب لەم بەردەرە | کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا |
ئەی ڕەقیب بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ | ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا |
قەت لە باسی عەشقەوە حەمدی لە دڵ تەعنە مەدە | ڕۆحە ئەم تەوقەی لە مل کرد ڕۆژەکەی قالوبەلا |
37
[edit]نەقدی داغی زۆرە دڵ کەوتۆوەتە سەودایی فەنا | خۆ عەشق تەنها لەبەر لالە دوکانی دانەنا |
دڵ لە داغت ئەی سەنەم وەک لالە بۆتە جامی خوێن | خوێنی من ئەنگوشت نوما بێ چاکە یا ڕەنگی حەنا |
عەیشی عاشق پایەدارە هیجر و وەسڵی بۆ نییە | یەک هەوایە ئەو بینایەی ڕەنگی ڕێژا بێ بەنا |
گوڵشەنی حوسنی بە تەحریکی ڕەقیب پۆشی کە یار | کافرم بۆ چی وتم قاپی بەهەشتم لێ ژەنا |
پێت بڵێم قازی شەریعەت موستەحەققی داری حەد | هەر ڕەقیبە گەر لە دنیادا ببێ توخمی زەنا |
با لە ئاگردا بسووتێن ڕوو لە دەریا قەت مەکەن | هەر سەمەندەر مەردە نابا قەت بە نامەردان پەنا |
حەمدی مەستی چاوی مەستی یارە باسی ئەو دەکا | ئیشی مەجنوونە کە چاوی مەستی لەیلا کا سەنا |
38
[edit]ئینقیلابی دەهرە نەعنا بوو بە پنگە و گوڵ گیا | پۆست نشینی ئەولیایە پۆست کەند و ئەشقیا |
سەبحەیی سەد دانە فیشەکدانە سیواکە تفەنگ | فکری دز زیکرە و تەقەی قاتیل سەدایی ئەتقیا |
قاتیل و ڕەهزەن بە تەعلیماتەوە شەو دێنە دەر | وەک بچن بۆ جومعە حاجی و سۆفیی و شێخ جیا جیا |
ماڵی دنیا کاول و ئاوا قیامەت بۆیە بوو | خەرگەلە کەوتوونە دەعوای تێگەیینی ئەزکیا |
وا کرا ئیعلانی حوڕڕییەت بە ناوی شەرعەوە | هەرچی نەکرابوو کرا هەرچی کە نەشیا بوو شیا |
موعجیزێ بوو ئاگری زەردەشت ئەگەر پەیدا نەبێ | گەر بسووتێم من دەخوێنم فاتیحە بۆ ئەنبیا |
بۆ لە برسا مردنە حازر بوون ئەهلی شەرەف | چونکە نیعمەت ئێستەکێ دەدرێ بە میقداری ڕیا |
وەختە ئەهلی دۆزەخ و جەننەت لە یەک جیا ببنەوە | وەک زەبانی وایە هەر کەس لێرە بەم حاڵە ژیا |
خۆ لە دنیادا ئەوا حەمدی جەزای هەر فیتنەیە | موستەحەققە دڵ لە زیندانا کە حەپسە بێ زیا |